زەردوویی بریتییە لە زەردبوونی پێست و چاو بەهۆی زۆری بیلیروبین لە خوێندا دروست دەبێت. بیلیروبین مادەیەکی زەردە کە لە ئەنجامی تێکشکانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دروست دەبێت. زۆربەی منداڵە تازە لەدایکبووەکان تووشی زەردوویی دەبن. زەردوویی لە منداڵانی تازەلەدایکبوودا بەزۆری سووکە و لە ماوەی یەک بۆ دوو هەفتەدا نامێنێت. بەڵام ئەو منداڵانەی کە زەردوویییان هەیە پێویستە بەردەوام سەردانی پزیشک بکەن چونکە زەردوویی توند دەبێتە هۆی تێکچوونی مێشک.
زەردوویی حاڵەتێکە کە لە ماوەی ٢-٣ ڕۆژدا لە دوای لەدایکبوون لە منداڵی تازەلەدایکبوودا ڕوودەدات. بەزۆری زەردوویی کاتێک دروست دەبێت کە جگەری کۆرپە ئەوەندە گەشەی نەکردبیت کە بتوانێت بیلیروبین لە خوێن بکاتە دەرەوە.
هۆکاری زەردوویی منداڵی تازەلەدایکبوو چییە؟
بەزۆری زەردوویی لە منداڵانی تازەلەدایکبوودا ڕوودەدات، چونکە جگەریان بە تەواوی گەشەی نەکردووە. هەندێک حاڵەتی پزیشکی تر کە زەردوویی لە منداڵە تازەلەدایکبووەکان خراپتر دەکەن بریتین لە:
- جۆری خوێنی منداڵەکە لەگەڵ جۆری خوێنی دایکیدا ناگونجێت.
- منداڵەکە لەدایک دەبێت خڕۆکە سورەکانی خوێنی زۆرە (پۆلیسایتیمیا).
- کۆرپەکە هەوکردنێکی لە خوێنیدا هەیە (سێپسیس) .
- کۆرپەکە لە لەدایکبوونەوە کێشەی هەبووە .
- کۆرپەکە لە کاتی لەدایکبووندا خوێنی قووتداوە.
- دایکی منداڵەکە نەخۆشی شەکرەی هەیە.
ئاڵۆزییەکانی زەردوویی لە منداڵانی تازەلەدایکبوودا چین؟
ئەگەر زەردوویی تازەلەدایکبوو زۆر توند بوو و چارەسەر نەکرا، زیانێکی هەمیشەیی بە مێشکی کۆرپەکە دەگەیەنێت. بەڵام لە زۆربەی منداڵە تازە لەدایکبووەکاندا زەردوویی کاتییە و هیچ زیانێکی لێناکەوێتەوە.
چۆن زەردوویی لە منداڵی تازەلەدایکبوودا دەستنیشان دەکرێت؟
زەردوویی لە منداڵانی تازە لەدایکبوودا لەلایەن پزیشکێکەوە دەستنیشان دەکرێت کە پشکنینی منداڵەکە دەکات لەڕێگەی پشکنینی خوێنەوە.
زەردوویی منداڵی تازە لەدایک بوو چۆن چارەسەر دەکرێت؟
توندی زەردوویی لە منداڵی تازەلەدایکبوودا دیاری دەکات کە ئایا پێویستە و چ جۆرە چارەسەرێک پێویستە، بە شێوازێکی گشتی ئەم ڕێگایانە دەگیرێتە بەر:
(phototherapy)
ئەمە باوترین چارەسەرە بۆ زەردوویی تازە لەدایکبووان بریتییە لە بەرکەوتنی پێستی کۆرپەلە بە گڵۆپی شینی تایبەت کە یارمەتی شکاندنی بیلیروبین دەدات بە شێوازێک کە بتوانریت بکرێتە دەرەوە لە جەستە.
(Feeding)
شیرپێدان: شیرپێدانی زۆر یارمەتیدەرە بۆ بەرەوپێش بردنی جوڵەی ڕیخۆڵە ، کە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ نەهێشتنی بیلیروبین لە جەستەدا.
(Exchange transfusion)
گواستنەوەی خوێنی ئاڵوگۆر: لە حاڵەتە تووندەکانی زەردوویی یان کاتێک چارەسەری فۆتۆ کاریگەری نەبێت ئەم ڕێگایە دەگیرێتە بەر کە بریتییە لە گۆڕینی خوێنی کۆرپەلە بە خوێنی بەخشەر بۆ لابردنی بیلیروبینی زیادە.