هەڵوەرینی قژ چییە؟
ئاساییە مرۆڤ ڕۆژانە 50 بۆ 100 تاڵ مووی قژی هەڵبوەرێت، نزیکەی یەک لەسەر سێی خانمان بەدەست هەڵوەرینی قژەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی دوای وەستانی سوڕی مانگانەیان. بەشێوازێکی ئاسایی هاوسەنگی هەیە لە نێوان هەڵوەرینی قژ و گەشەی قژ، بەڵام ڕەنگە هەندێک جار ئەم هاوسەنگییە تێکبچێت و هەڵوەرینی قژ وردە وردە زیاد بکات یان لەناکاو ڕووبدات، وە ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کاتی یان درێژخایەن بێت.
هۆکارەکانی هەڵوەرینی قژ:
لەوانەیە لە ئەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری جیاوازەوە بێت، لەوانە:
- گۆڕانکاری لە هۆرمۆنەکاندا ڕەنگە هۆکارێک بێت لە پشت هەڵوەرینی قژەوە، بە تایبەت لە کاتی( دووگیانیدا، لە قۆناغی منداڵی، لە کاتی وەستاندنی بەکارهێنانی دەرمانی کۆنتڕۆڵی دووگیانی،لە قۆناغی وەستانی سوڕی مانگانە لە مێینەکاندا).
- نەخۆشیەکانی غودەی دەرەقی.
- هەوکردنی پێستی سەر.
- نەخۆشی نەمانی بەرگری لەش کە کاریگەری لەسەر تاڵەکانی قژ هەیە (alopecia areata ) - هەندێک جۆری نەخۆشی کە دەبنە هۆی دروستبوونی پەڵە، وەکو لوپوس و نەخۆشی تر کە دەبنە هۆی پەڵەی پێست، کە لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵوەرینی قژ بۆ ماوەیەکی درێژ.
- هەندێک دەرمان ڕەنگە هەندێک دەرمان بەشداربن لە زیادکردنی خێرایی هەڵوەرینی قژ بەتایبەت ئەوانەی بۆ چارەسەری: (شێرپەنجە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەوکردنی جومگەکان، خەمۆکی، کێشەی دڵ) بەکاردێن.
- کەمی پرۆتین و ئاسن و ماددە خۆراکیەکانی تر کە پێویستن بۆ گەشەی قژ.
- بۆماوەیی کاریگەری زۆری هەیە.
چارەسەری هەڵوەرینی قژ:
هەندێکجار ڕەنگە نەخۆش پێویستی بە چارەسەر نەبێت، بەتایبەت ئەگەر هۆکاری سەرەکی پیربوون بێت یان ئەگەر هەڵوەرینی قژەکەی کاتی بێت، هەندێک جاریش لەوانەیە چارەسەرەکە 100% کاریگەری نەبێت، بەڵام چەند ڕێگەیەک هەیە کە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردندا، لەوانە :
• گۆڕینی شێوازی خواردن بۆ ئەوەی تەندروستتر بێت.
• بەکارهێنانی کرێمی تایبەت بە پێستی سەر وەک مینۆکسیدیل بۆ پیاوان و ئافرەتان، بەڵام لەوانەیە ببێتە هۆی کاریگەری لاوەکی وەک خورانی پێستی سەر یان گەشەکردنی موو لە شوێنەکانی نزیک وەک بەشی پێشەوەی سەر یان دەموچاو.
• دەتوانرێت فیناستراید بۆ ئەو پیاوانە بەکاربهێنرێت کە بەدەست سەرڕووتانەوەوە دەناڵێنن، بەو پێیەی هەڵوەرینی قژ کەمدەکاتەوە و لەوانەیە ببێتە هۆی گەشەکردنی قژ ، بەڵام بۆ مێینەکان ناتوانرێت بەکاربهێنرێت چونکە کاریگەری لەسەر هۆرمۆنەکانی مێینە هەیە.
• ئەگەر هۆکارەکەی بوونی نەخۆشییەکی تەندروستی بوو وەک نەخۆشی غودەی دەرەقی، کاتێک چارەسەری بۆ دەکرێت، کێشەکە چارەسەر دەبێت.
• لەو کەسانەی کە بەدەست کەمی ئاسنەوە دەناڵێنن، ڕەنگە بە وەرگرتنی مادەی ئاسن کێشەکەیان چارەسەر ببێت.
• ڕەنگە چارەسەری دەرمان بەس نەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەڵوەرینی قژ، وە ڕەنگە پزیشک ناچاربێت بە ئەنجامدانی چاندنەوەی قژ لەو شوێنانەی کە ڕوتاوەتەوە.
شێوازەکانی خۆپاراستن
• پاک ڕاگرتنی قژ.
• گۆڕینی شێوازی ژیان و کەمکردنەوەی فشاری دەروونی.
• زیاتر خواردنی تەندروست بخۆ، بە تایبەت ئەوانەی کە بڕێکی پێویست لە ڤیتامین و پرۆتین و کانزاکانی پێویست بۆ جەستە لەخۆدەگرن.
• دوور بکەوەرەوە لە بەکارهێنانی ووشککەرەوەی قژ و ئامرازەکانی تری گەرمی کە ڕەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی قژ.
• بەکارهێنانی شامپۆیەکی گونجاو بۆ قژ.