ڕاستییەکان سەبارەت بە لەدایکبوونی پێشوەختە
ماوەی ئاسایی دووگیانی لە نێوان ٣٧ هەفتە بۆ ٤٢ هەفتەدایە، لە دوایین سوڕی مانگانەی دایکی دووگیانەوە دەستپێدەکات. منداڵی پێشوەختە لە نزیکەی 12%ی دووگیانیەکاندا ڕوودەدات. منداڵبوونی پێشوەختە کاتێک ڕوودەدات کە ئافرەتەکە ژانی بۆ دێت و ملی منداڵدان لە نێوان هەفتەکانی ٢٠ بۆ ٣٧ی دووگیانیدا دەکرێتەوە. تا زووتر لەدایکبوونەکە ڕووبدات کۆرپەکە زیاتر بەرەوڕووی ئاڵۆزیی دەبێتەوە.کۆرپەی پێشوەختە پێویستی بە چاودێری چڕ و تایبەت هەیە.
نیشانەکانی منداڵ بوونی پێشوەختە:
- بوونی ئازارێکی زۆر لە سکدا.
- ئازار لە بەشی خوارەوەی پشت.
- تەقین و دڕانی پەردەی سەراو.
- زیاد بوونی هەوکردن و تەڕایی لە دامێندا.
- خوێنبەربوون.
- گرژبوونی بەردەوامی منداڵدان لەهەر ١٠ خولەک جارێکدا.
هۆکارەکانی لەدایکبوونی پێشوەختە :
- بۆماوەیی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕودانی ئەم حاڵەتە.
- لاوازبوونی جەستەی دایکەکە.
- هاتنە خوارەوەی وێڵاش.
- منداڵەکە کێشەیەکی هەبێت(کەم ئەندامی).
- هەوکردن لە منداڵداندا.
- نەخۆشییەکانی گورچیلە.
- جگەرەکێشان و خواردنەوەی مەی و ماددەی هۆشبەر.
- نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک بەرزی پەستانی خوێن و شەکرە.
- بەرکەوتن بە زەبر و زەنگی دەروونی توند.
- هەبوونی پێشینەی منداڵی پێش وەختە.
ئاڵۆزییەکانی منداڵبوونی پێشوەختە:
ئەو منداڵانەی پێش کاتی خۆیان لەدایک دەبن پێیان دەوترێت منداڵی گەشەنەکردوو، منداڵەکە بچووکە و سیستمی بەرگری جەستەیی بەتەواوی گەشەی نەکردووە بۆیە لەبارە بۆ ئەوەی توشی چەندین نەخۆشی ببێت هەروەها ئەندامەکانی بە باشی گەشەی نەکردوە بۆیە زەحمەتە بتوانێت لە ژینگەی دورەوەدا بژی ، توشی چەندین کێشە دەبنەوە لەوانە:
- خوێن بەربوونی ناوەوەی مێشک.
- زەردوویی.
- کێشەی سییەکان.
- ئیفلیجی مێشک و ناتەواوی لە بیرکردنەوەدا.
- ئۆتیزم.
- هەوکردن.
- کێشەکانی دڵ.
- کێشەی بیستن و بینین.