مێلازما نەخۆشییەکی پێستە کە بە دەرکەوتنی پەڵەی قاوەیی بۆ خۆڵەمێشی دەناسرێتەوە، کە زۆرترین جار لەسەر پێستی دەموچاو ڕوودەدات، وە لەوانەیە لە شوێنەکانی تری لەش دەربکەوێت کە ڕاستەوخۆ بەر تیشکی خۆر دەکەون، وەک دەست و مل. ئافرەتان زیاتر لە پیاوان تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن، بەو پێیەی تووشی ئەوحاڵەتە دەبن کە بە مێلازمای دووگیانی ناسراوە، هەروەها ئەوانەی پێستیان ڕەشە و ئەوانەی بەر تیشکی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی خۆر دەکەون.
نیشانەکانی مێلازما: مێلازما بە دەرکەوتنی پەڵەی قاوەیی یاخود مەیلەو خۆڵەمێشی دەناسرێت گرنگترین ئەو شوێنانەی کە زۆرجار ئەم جۆرە پەڵەیان تێدا دەردەکەون بریتین لە ڕوومەت، نێوچەوان، چەناگە و سەرووی لێوی سەرەوە.
ئەو هۆکارانە چین کە دەبنە هۆی دەرکەوتنی ئەم پەڵانە؟
تا ئێستا هۆکاری دەرکەوتنی ئەو جۆرە پەڵەیە بە وردی دیاری نەکراوە، بەڵام لە ئەنجامی زیادبوونی بەرهەمهێنانی میلانین لە لایەن خانەکانی ڕەنگی پێستەوە دەردەکەون بۆیە ئەو کەسانەی پێستیان ڕەشە زیاتر تووشی هەوکردن دەبن بە بەراورد بەوانەی پێستیان سپییە، چونکە خانەکانی ڕەنگی پێستیان چالاکترن.
ئەو هۆکارانەی کە ئەگەری تووشبوون بە مێلازما زیاد دەکەن بریتین لە:
١- بەرکەوتنی تیشکی خۆ، بە گرنگترین هۆکار دادەنرێت، بەو پێیەی لە هاویندا حاڵەتەکانی تووشبوون بە مێلازما زیاد دەکات.
٢-گۆڕانکاری لە هەندێک هۆرمۆندا ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی مێلازما هەروەها لەژنانی دووگیان یان ئەو خانمانەی کە حەب بەکاردەهێنن بۆ کۆنترۆڵکردنی دووگیانی.
٣-بەرهەمەکانی چاودێری پێست هەندێک بەرهەم هەن کە ڕەنگە ببنە هۆی هەستیاری پێست، بۆیە گرنگە دڵنیا بیت لەوەی ئەو بەرهەمانەی کە بەکاردەهێنرێن هیچ هەستیارییەک بۆ پێست دروست ناکەن.
زۆر کەس پەنا بۆ چارەسەری مێلازما نابەن چونکە نابێتە بەربەست و ئازاری نیە ، بەڵام دەتوانرێت دەرمان بەکاربهێنرێت بۆ سووککردنی ئەم پەڵانە بۆ ئەو کەسانەی لە ڕووی دەرونیەوە پێی کاریگەرن. لە نێو ئەو چارەسەرانەی کە پزیشکەکان بۆ ئەم جۆرە حاڵەتانە دەینوسن، کرێمەکان و کۆمەڵێک ئامێری پێشکەوتوی پزیشکی هەن کە ئامانجیان کاڵ کردنەوە یاخود نەهێشتنی پەڵەکانە.