بۆ پەیوەندی 0533340388

هۆکارەکانی دواکەوتنی سووڕی مانگانە
2025/01/04 - 11:16 | 20 جار بینراوە

سوڕی مانگانە بریتیە لە کۆمەڵێک گۆڕانی هۆرمۆنیی مانگانە کە جەستەی ئافرەت پێیدا تێدەپەڕێت بۆ ئامادەکاری بۆ دووگیانی هەموو مانگێک یەکێک لە هێلکەدانەکان هێلکەیەک دەردەدات و ئەم پرۆسەیەش پێی دەوترێت هێلکەدانان بۆیە ئەگەر هێلکەدانان ڕوویدا و هێلکەکە نەپیتێنرا، ئەوا ناوپۆشی منداڵدان لە ڕێگەی زێیەوە دەکرێتە دەرەوە و ئەم ماوەیە پێی دەوترێت سوڕی مانگانە.

 زۆربەی ئەو خانمانەی نەگەیشتوونەتە وەستانی سوڕی مانگانە بەزۆری هەر ٢٨ ڕۆژ جارێک سوڕی مانگانەیان دەبێت، وە سوڕی مانگانەی ڕێکوپێک دەتوانێت لە ٢١ بۆ ٣٥ ڕۆژ بێت ئەگەر لەم ماوەیەدا ڕووی نەدا لەوانەیە کۆمەڵێک هۆکاری هەبێت کە گرنگترینیان بریتین لە:

 

١- سترێس: گرژی و فشاری دەروونی دەتوانێت کاریگەری لەسەر سوڕی مانگانە هەبێت لەڕێگەی کاریگەرییەکەی لەسەر ئەو بەشەی دەروون کە بەرپرسە لە ڕێکخستنی هۆرمۆنەکانی سوڕی مانگانە ئەم بەشە پێی دەوترێت هایپۆثالاموس، وە لەوانەیە ببێتە هۆی درێژتر یان کورتتر لە ماوەی ئاسایی  .

٢- زیادبوون یان دابەزینی کێش یەکێکە لە هۆکارەکانی دواکەوتنی سوڕی مانگانە زیادبوون یان کەمبوونەوەی توندی چەوری لەش دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان و بەمجۆرە دەبێتە هۆی دواکەوتنی سوڕی مانگانە.

٣-نەخۆشی فرەکیسی هێلکەدان ،حاڵەتێکە کە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی ئەندرۆجین کە دەبێتە هۆی دروستبوونی کیس لەسەر هێلکەدانەکان لە ئەنجامی ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان. ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانە  لەوانە ناڕێکی هێلکەدانان  و دەرکەوتنی زیپکە و زیادبوونی موو و قەڵەوی زۆر. لەم حاڵەتەدا پێویستە ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت.

٤- بەکارهێنانی حەبی ڕێگری لە دووگیانی تەنانەت دوای وەستاندنی حەبەکە، لەوانەیە شەش مانگی پێبچێت تاوەکو سوڕی مانگانەت جارێکی دیکە ڕێکدەخرێتەوە.

٥- زوو وەستانی سوڕی مانگانە، وەستانی سوڕی مانگانەی سروشتی لە ئافرەتانی تەمەن نێوان 45 بۆ 55 ساڵ دەست پێدەکات ئەو ژنانەی لە تەمەنی 40 ساڵی یان زیاتردا نیشانەکانی وەستانی سوڕی مانگانەیان هەیە زۆرجار سوڕی مانگانەیان دوادەکەوێت و ئەمەش بەهۆی ناهاوسەنگی ئاستی هۆرمۆنەکەوەیە (ئیسترۆجین) کە ڕوودانی سوڕی مانگانە ڕێکدەخات.

٦- شیرپێدان یەکێکە لە هۆکارەکانی دواکەوتنی سوڕی مانگانە لەوانەیە سوڕی مانگانە لە ماوەی شیرپێداندا ڕونەدات یان دوابکەوێت، بەتایبەتی ئەگەر دایکەکە بە تەواوی پشت بە شیرپێدان ببەستێت بۆ خۆراکی منداڵەکە.

٧- نەخۆشییە درێژخایەنەکان نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە و چەندین نەخۆشییتر ڕەنگە کاریگەریان هەبێت.

٨- ڕژێنی غودەی دەرەقی: زیادبوون یان کەمبوونەوەی چالاکی ڕژێنی غودەی دەرەقی دەبێتە هۆی دواکەوتنی سوڕی مانگانە ئەمەش بەهۆی ڕێکخستنی ڕژێنی غودەی دەرەقی پرۆسەی میتابۆلیزمی خۆراکی لە لەشدا و بەم شێوەیەش کاریگەری لەسەر ئاستی هۆرمۆنەکانی لەش هەیە.

 

کۆمەڵێک ڕێکاری گرنگن لە چارەسەرییدا:

 

- دڵنیابە لە خواردنی خۆراکی تەندروست و بەسوود و دوورکەوتنەوە لە بەدخۆراکی.

- پشوودان و سەردانی پزیشکی دەروونی لەکاتی پێویستدا.

- بەکارهێنانی حەبی کۆنتڕۆڵی لەدایکبوون بۆ ڕێکخستنی هۆرمۆنەکانی ئیسترۆجین و پرۆجسترۆن. ڕێکخستنی دەردانی ئیسترۆجین و پرۆجسترۆن دەبێتە هۆی ڕێکخستنی سوڕی مانگانە.

- چارەسەری نەخۆشی پۆلیسیستیک و ڕژێنی غودەی دەرەقی کە بەشدارییەکی بەرچاویان هەیە لە دواکەوتن و ناڕێکی سوڕی مانگانە.

 

 



HaremHospital.com - 2025
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 483,576     ژمارەی میوان 20