بۆچی دەبێت گرنگی بە چارەسەرکردن و کۆنترۆڵکردنی بەرزی پەستانی خوێن بدەین؟
بەرزی پەستانی خوێن بە گرنگترین هۆکاری مەترسی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، جەڵتەی مێشک، ڕەقبوونی خوێنبەرەکان، لاوازی ماسولکەکانی دڵ، نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە و خراپی بینین دادەنرێت. جگە لەوەش بەرزی پەستانی خوێن بە هێواشی گەشە دەکات و نەخۆش هەست بە نیشانەکانی ناکات تا قۆناغی پێشکەوتووی نەخۆشییەکە.
چارەسەری بەرزی پەستانی خوێن ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدرێت ئەوەیە کە بەرزی پەستانی خوێن نەخۆشییەکی درێژخایەنە کە چارەسەری تەواوەتی نییە، بەڵام کۆمەڵێک دەرمان و شێوازی بەکارهێنراو هەن کە ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی بەرزی پەستانی خوێنە تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت، لەگەڵ بەرز بوونەوەی پەستانی خوێن، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاتر دەبێت، کە بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ژیانی تاک دادەنرێت.
چارەسەری بەرزی پەستانی خوێن لە ڕێگەی گۆڕینی شێوازی ژیانەوە بە هەنگاوی یەکەم دادەنرێت بۆ چارەسەرکردنی هەردوو تووشبووی بەرزی پەستانی خوێن و ئەو کەسانەی مەترسی تووشبوونیان لەسەرە .
هەندێک ڕێگا هەیە بۆ ڕێگریکردن و کۆنترۆڵکردنی ڕوودانی و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر دڵ و خوێنبەرەکان کە بریتین لە:
• پەیڕەوکردنی خۆراکی تەندروست: ڕێژەی خوێ ڕۆژانە لە ٦ گرام زیاتر نەبێت، کە یەکسانە بە کەوچکێکی چا دوور بکەوەرەوە لەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندن بە چەوری تێر و کۆلیسترۆڵ. خواردنی سەوزە و میوە زیاد بکە.
• وازهێنان لە جگەرەکێشان.
• وەرزشکردن و زیاد کردنی چالاکییەکان.
• دابەزاندنی کێش.
• کەمکردنەوەی قاوە و خواردنەوە گازییەکان.
• دوور کەوتنەوە لە فشاری دەروونی.
چارەسەریی بە دەرمان:
گەر ئەو ڕێگایانەی باسمان کرد سودی نەبوو ڕیگای بەکارهێنانی دەرمان بۆ کۆنترۆڵکردن و کەمکردنەوەی بەرزی پەستانی خوێن دەگیرێتەبەر.
دەرمانەکان لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە پێشنیار دەکرین بەپێی تەمەنی نەخۆش و دۆخی تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان.
- نەخۆش دەبێت پابەندی بەکارهێنانی دەرمانەکان بێت بەبێ ئەوەی هیچ ژەمێک لەبیر بکات چونکە لەبیرکردنی کاریگەری دەرمانەکە کەمدەکاتەوە.
- ئەگەر نەخۆش هەستی بە هەر کاریگەریەکی لاوەکی کرد، نابێت واز لە وەرگرتنی چارەسەرەکە بهێنێت تا سەردانی پزیشکەکەی دەکات بۆ گۆڕینی چارەسەرەکە.
- ئافرەتی دووگیان کە بەدەست بەرزی پەستانی خوێنی درێژخایەن دەناڵێنێت پێویستە ڕاوێژ بە پزیشک بکات بۆ گۆڕینی چارەسەر چونکە هەندێک دەرمان دەبێتە هۆی شێواوی کۆرپەلە.
- پێویستە نەخۆشەکە شێوازی ژیانی تەندروست بپارێزێت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی کۆنترۆڵکردنی بەرزی پەستانی خوێن.