وەستانی هەناسەدان لەکاتی خەودا
ئاگاداربە وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا نەک هەر دەبێتە هۆی پرخەکردن، بەڵکو دەبێتە هۆی دابەزینی مەترسیداری ئاستی ئۆکسجین لە خوێندا لە کاتی خەوتندا و ٣ هێندە مەترسی جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاد دەکات. بۆیە گرنگە بە زووترین کات چارەسەری کێشەکان بکرێت.
نزیکەی ٪٥٠ی پیاوان و نزیکەی ٪٢٤ی ژنان بەدەست پرخەوە دەناڵێنن. ئەمەش لە چەندین لێکۆڵینەوەدا دەردەکەوێت کە لە سەرانسەری جیهان ئەنجامدراون. جگە لەوەش بە پێی توێژینەوەکان لە دوای تەمەنی ٥٠ ساڵی ڕێژەی ئەو ژنانەی کە بەدەست پرخەوە دەناڵێنن وردە وردە زیاد دەکات، تا لە قۆناغێکی دیاریکراودا یەکسان دەبێتەوە بە پیاوان. پێویستە بزانین پرخەکردن کێشە سەرەکییەکە نییە، بەڵکو نیشانەی کێشەیەکی گەورەترە کە پێی دەوترێت ئاستی هەناسەدان لە خەودا. ئەم کێشەیە ڕەنگە ژیانمان بخاتە مەترسییەوە، بەتایبەتی کاتێک باس لە وەستانی هەناسەدانی توند لە کاتی خەودا دەکرێت.
وەک ئاماژەمان پێدا لەکاتی پرخەدا ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێندا دادەبەزێت بۆ خوار ٨٠-٩٠٪، ئەمەش بەهۆی گیرانی بۆری هەوا لە کاتی خەوتندا. ئەگەر وەستانی هەناسەدان زیاتر لە ١٥ چرکە بەردەوام بوو، ئەوا مێشکی کەسەکە بەشێکی لە خەو هەڵدەستێت، ئەمەش بۆری هەناسە دەکاتەوە و ڕۆیشتنی ئۆکسجین دەگەڕێنێتەوە. زۆربەی خەڵک هەست ناکەن کە بەهۆی وەستانی هەناسەدانەوە لە خەو هەڵدەستن. بەڵام زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان دەیسەلمێنن کە ئەم بەئاگابوونە کورتانە زیان بە کوالیتی خەو دەگەیەنن و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
ئەو کەسانەی دەپرخێنن، مەترسی تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک و شەکرە 3 هێندەی ئەو کەسانە زیاترە کە ناپرخێنن .
بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ئەم حاڵەتە و چارەسەرییەکانی ڕاوێژمان کرد لەگەڵ دکتۆر(هاوکار علی احمد) پسپۆڕی نەخۆشیەکانی قورگ و لوت وگوێ لە نەخۆشخانەی هەرێم ئاماژەیان بەوەدا کە کۆمەڵێک هۆکاری یاریدەدەر هەیە بۆ ئەم حاڵەتە ئەوانیش بریتین لە :
- قەڵەوی
- بەساڵاچون و پیری
- بوونی مێژووی خێزانی (بۆماوەیی).
- بەکارهێنانی هەندێک دەرمان و کحول و مادە هۆشبەرەکان.
- بەرزی فشاری خوێن و شەکرەی جۆری دووەم.
- لە ڕەگەزی نێردا نزیکەی ٣ هێندە زیاترە بە بەراورد بە ڕەگەزی مێ.
- لووت گیران بەهۆی هەستیاری یان هەوکردن یان خواربووبی کۆڵەکەی لووت.
هەروەها بۆ چارەسەرییەکان ڕوونی کردەوە کە گرنگە هۆکاری گرفتەکە چارەسەر بکرێت.
- ڕێککردنەوەی کۆڵەکەی لووت و چارەسەرکردنی کێشەکانی قورگ .
- دانانی ئامێری CPAP .
- دانانی قاڵبی شەویلگە و ددان هەروەها نەشتەرگەری بۆ بۆ توند کردنەوەی مەڵاشوو ماسولکەکان و نەشتەرگەری لابردنی ڕێگرەکان.
- کەم کردنەوەی کێش و دورکەوتنەوە لە خواردنەوە کحولییەکان و جگەرە کێشان.