(نیشانەکانی ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان لە خانماندا )
گۆڕانکاری و ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان بە شێوەیەکی سروشتی لە ئافرەتان لە هەندێک کات و قۆناغی ژیاندا ڕوودەدات، وەک: تەمەنی باڵغبوون، دووگیانی، و وەستانی سوڕی مانگانە. بەڵام ڕەنگە هەندێک کێشەی تەندروستی ببنە هۆی ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان وەک(نەخۆشی ئەدیسۆن، نەخۆشی شەکرە، نەخۆشی فرە کیسی هێلکەدان، تێکچوونی غودەی دەرەقی )
هەروەها هۆکارارەکانی وەک: کیس و وەرەم و هەندێک دەرمان وەک حەبی کۆنتڕۆڵی لەدایکبوون یان چارەسەری شێرپەنجە. بەرکەوتن بە ماددە کیمیاییەکان، و فشاری دەروونی. دەتوانن ببنە هۆی گۆڕانی هۆرمۆنەکان.
نیشانەکانی ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان لە خانماندا بەپێی هۆرمۆنە تووشبووەکان دەگۆڕێت. بەشێوەیەکی گشتی بریتین لە:
١- تێکچوونی سوڕی مانگانە ،گۆڕانی هۆرمۆنەکان دەبێتە هۆی لەدەستدانی سوڕی مانگانە، خوێنبەربوونی زۆر، یان ناڕێکی.هەرچەندە تێکچوونی سوڕی مانگانە نیشانەیەکی دڵنیا نییە بۆ ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان لەوانەیە بەهۆی گۆڕانکاری لە خۆراک و چالاکیی جەستەیی و تەندروستی دەروونی و هەندێک نەخۆشییەوە ڕووبدات.
٢-کێشەی قژ: هۆرمۆنەکان زۆر کاریگەرییان لەسەر قژ و پێکهاتەکەی هەیە بۆ نموونە زۆرێک لە خانمان لەکاتی دووگیانیدا هەست بە زیادبوونی چڕی و ئەستووری قژیان دەکەن، ئەمەش بەهۆی گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکانەوەیە لەکاتی دووگیانیدا. هەردوو هەڵوەرینی قژ و زیادبوونی گەشەی قژ (هیرسوتیزم) دەتوانن نیشانەی ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان بن، ڕەنگە هەڵوەرینی قژ نیشانەی کێشەیەک بێت لە ڕژێنی غودەی دەرەقیدا، لەکاتێکدا هیرسوتیزم و گەشەکردنی موو لەسەر دەموچاو و چەناگە ڕەنگە نیشانەی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنەکانی پیاوان بێت.
٣- کێشەی پێست: گۆڕانکاری هۆرمۆنەکان کاریگەری زۆر دروست دەکات لەسەر تەندروستی و ڕەنگ و پێکهاتەی پێست، زیادبوونی ڕێژەی پرۆجسترۆن لە کاتی دووگیانیدا زۆرجار دەبێتە هۆی دروستبوونی زیپکە لە ناوچەکانی وەک دەم و چاو و سنگ و پشت و گۆڕانکاری لە ئاستی هۆرمۆنەکانی ئیسترۆجین و پرۆجسترۆن دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕەنگ کە ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی پەڵەی ڕەش لەسەر پێست بەتایبەت لەسەر مل و پشت و ژێر مەمک.
٤- نیشانەکانی پەیوەست بە سێکسەوە .ئەگەر ئاستی ئیسترۆجین گۆڕا، ئەمەش لەگەڵ تەمەندا ڕوودەدات بەتایبەتی دوای وەستانی سوڕی مانگانە، لەوانەیە هەست بەم نیشانانە بکەیت وەک :هەوکردن، و تەنکبوونەوەی دیوارەکانی زێ.
٥- گۆڕانی لەناکاوی کێش، چ زیادبوون بێت یان دابەزین، ڕەنگە نیشانەی ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان بێت .
٦- کێشەی میزاج و خەوتن. کەمبوونەوەی ئیسترۆجین ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە باری دەروونی و خەودا، چونکە ئیسترۆجین یارمەتی ڕێکخستنی بەرهەمهێنانی سیرۆتۆنین دەدات. گوێزەرەوە دەمارییەکان کە بەرپرسە لە گۆڕانی باری دەروونی، بۆیە لەوانەیە هەست بە دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، یان توڕەبوون بکەیت کاتێک سیرۆتۆنین کەم دەبێتەوە لەوانەیە تووشی ئارەقەی شەوانە بیت یان زۆر لە خەودا بمێنیتەوە.
٧- تێکچوونی کۆئەندامی هەرس. هۆڕمۆنەکانی ئیسترۆجین و پرۆجسترۆن، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە میتابۆلیزمدا و یارمەتی ڕێکخستنی کۆئەندامی هەرس دەدەن، بۆیە تەندروستی کۆئەندامی هەرس کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەبێت بەهۆی گۆڕانی هۆرمۆنەکانەوە. توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان لە مێینەکاندا ڕەنگە پەیوەندی بە نەخۆشی قۆڵۆنەوە هەبێت.