تەندروستی دەروونی کچانی هەرزەکار
لە ئێستادا جیهان ڕووبەڕووی قەیرانی تەندروستی دەروونی بووەتەوە، بەتایبەتی لەنێو هەرزەکاراندا. کچان بە بەراورد بە کوڕان زیاتر بەرەوڕووی ئەم تەحەددایانە دەبنەوە، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژەی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لە نێوانیاندا لە بەرزترین ئاستیدایە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو.
زیاتر لە نیوەی کچانی هەرزەکار باس لەوە دەکەن کە بەردەوام هەست بە دڵتەنگی یان بێهیوایی دەکەن، ئەمەش بەرزترین ئاستە کە لە ماوەی دە ساڵدا بینراوە. لە هەر سێ کچ یەک کچ تووشی نیشانەکانی خەمۆکی دەبێت، بە بەراورد لەگەڵ یەک لە هەر ١٠ کوڕ. لە ساڵی ٢٠٢٣ لە هەر پێنج کچ یەک کچ تووشی توندوتیژی سێکسی بووە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە هەر ٣ کچ یەک کچ بە جددی بیریان لە خۆکوشتن کردووەتەوە، ئەمەش ژمارەیەکی نیگەرانکەرە.
ئەم ئامارانە ئەوامان پیشان دەدات کە دایکان و باوکان پێوەستیان بە پەیوەندیەکی ڕاستگۆیانە و تێگەیشتوانە هەیە لەگەڵ منداڵە هەرزەکارەکانیان ، بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و پاڵپشت کە ڕێگە بە منداڵە هەرزەکارەکانیان بدات هەستەکانیان دەرببڕن و یارمەتی پێویست وەربگرن.
هۆکاری قەیرانی تەندروستی دەروونی کچانی هەرزەکار چییە؟
شارەزایان ئاماژە بە چەند فشارێک دەکەن کە لە ڕووی دەروونییەوە کاریگەرییان لەسەر کچانی هەرزەکار هەیە:
فشارەکانی سۆشیال میدیا: بەراوردکردنی بەردەوام و ستانداردە ناڕاستەقینەکانی جوانکاری ئۆنلاین دەتوانن کاریگەرییان هەبێت.
کەمبوونەوەی پەیوەندی لە ژیانی ڕاستەقینەدا: چ لە نێوان هەرزەکاران لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان یان لە نێوان خێزانەکان و کۆمەڵگاکانیان، بەو پێیەی ئەم نەوەیە کاتێکی کەمتر لە هەموو نەوەکانی تر بەسەر دەبات لەگەڵ خێزان و هاوڕیکانیان .
باڵغبوونی پێشوەختە: تەمەنی باڵغبوون هاندەری دەردانی هۆرمۆنی ئیسترۆجین، کە هۆرمۆنی سترێس چالاک دەکات. زوو گەشەکردنی جەستەیی دەبێتە هۆی زیادبوونی سەرلێشێواوی و سترێس.
ڕەنگە دایک و باوک هەمیشە درک بەوە نەکەن کە کچەکانیان بەدەست کێشەی تەندروستی دەروونییەوە دەناڵێنن، و بە هەڵە ئەم نیشانانە وەک گۆڕانکاری ئاسایی گەشەکردن لێکدەدەنەوە. ئەگەر دایک و باوک هەر گومانێکیان هەبوو، پێویستە داوای ڕاوێژ لە پزیشکی منداڵان یان چارەسەرکەری خۆیان بکەن نەک وا بزانن هەموو شتێک باشە، بە تایبەت لەگەڵ کچە گەورەکەیان، چونکە ئەمە یەکەم ئەزموونی پەروەردەکردنی منداڵە بۆیان.