نیشانە گشتیەکانی هەوکردنی ڕێڕەوی میز:
نیشانەکان لە هەموو حاڵەتەکانی هەوکردنی ڕێڕەوی میز (UTI) مەرج نیە دەربکەون ، بەڵام ئەگەر نیشانەکانی دەرکەوتن ئەوا ئەمانە دەگرێتەوە:
- پێویستییەکی بەپەلە و بەردەوام بۆ میزکردن, هەستکردن بە سووتانەوە لەکاتی میزکردندا, ڕەنگی میز دەگۆڕێت بۆ سوور، پەمەیی کاڵ، یان قاوەیی تۆخ و ئەمەش نیشانەی هەبوونی خوێنە لە میزدا, دەرکەوتنی بۆنێکی بەهێزو تیژی میز, زوو زوو میزکردن بەڵام بە بڕێکی کەم, هەستکردن بە ئازار لە ناوچەی حەوز ، بەتایبەت لە ئافرەتان ناوەڕاستی حەوز و دەوروبەری و ناوچەی ئێسکی زاوزێ.
ئەگەر هاتوو هەوکرن گەیشتە گورچیلە و میزەڵدان ئەوا نیشانەکان توندتر دەبن
جگە ئەوانەی پێشتر باسمان کرد کۆمەڵێک نیشانەی تر دەردەکەون ئەوانیش بریتین لە:
( سکچوون، ڕشانەوە، هەستکردن بە ئازار لە بەشی سەرەوەی پشت و لاکان ، هەستکردن بە لەرز و تا).
نیشانەکانی هەوکردنی کیسی بریتین لەمانەی خوارەوە:
( هەستکردن بە فشار لە ناوچەی حەوزدا. دەرکەوتنی خوێن لە میزدا. هەستکردن بە ئازار یان ناڕەحەتی لە بەشی خوارەوەی سک. زوو زوو میزکردن لەگەڵ ئازار لە کاتی میزکردندا).
هۆکارە مەترسیدارەکان بۆ توشبوون بە هەوکردنی ڕێڕەوی میزچییە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ڕاوێژمان کرد لەگەڵ دکتۆر(ڕێژین یاسین عبداللە) پزیشکی پسپۆڕ لە نەشتەرگەری گورچیلە ومیزەڕۆ و پڕۆستات و نەزۆکی پیاوان لە نەخۆشخانەی هەرێم.
دکتۆر ڕێژین ئاماژەی بەوەدا کە هەوکردنی ڕێڕەوی میز دەگونجێت بە شێوازی سادە یاخود ئاڵۆز ڕوبدات وە زیاتر لە نێوان ئافرەتاندا باوە بە بەراورد بە پیاوان بەهۆی کورتی ڕێڕەوی میز لە ئافرەتاندا.
ئاماژەیان بەوەدا کە گەورەبوونی پڕۆستات دەبێتە هۆی کۆبونەوەی میز لەناو میزەڵدان کە ئەمەش هۆکارێکی یارمەتیدەرە بۆ هەوکردن و لاوازبوونی سیستمی بەرگری لەش.هەروەها ئەو منداڵانەی کە ناتەواوی زگماکییان هەیە لە ڕێڕەوی میز زیاتر لەبارن بۆ ڕودانی ئەم حاڵەتە.
ڕوونی کردەوە کە بەردی گورچیلە هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ توشبوون بە هەوکردنی ڕێڕەوی میز و هەروەها دووگیانی و نەخۆشی شەکرەش دەکرێت هۆکاربن بۆ توشبوون بە هەوکردنی ڕێڕەوی میز.
دکتۆر ڕێژین جەختی کردەوە لەوەی لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانەکانی هەوکردنی ڕێڕەوی میز پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت، بەتایبەت لە پیاواندا نابێت پشتگوێ بخرێت چونکە ڕەنگە ئاڵۆزی و گرفتی زۆریان بۆ دروست بکات لە داهاتوودا.