کاریگەری ڕۆژوو لەسەر تەندروستی دڵ
ڕۆژوو هەمیشە بەشێک بووە لە ژیانی مرۆڤ، وەک ئامرازێکی چارەسەری، یان وەک پەرستشێکی فەرز لە هەموو ئایینە ئاسمانییەکاندا.
کاریگەری ڕۆژوو چییە لەسەر تەندروستی دڵ؟
توێژەران دەریانخستووە کە بەڕۆژووبوون بەشدارە لە کەمکردنەوەی پەستانی خوێن، کەمکردنەوەی ڕێژەی چەوری پڕۆتینەکانی چڕی کەم، یان ئەوەی بە کۆلیسترۆڵی خراپ ناسراوە، بەشدارە لە کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکر لە لەشدا، هەروەها کەمکردنەوەی کێشی لەش.
بەو پێیەی ئەم چوار هۆکارە بە هۆکاری مەترسی بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دادەنرێت، کەمکردنەوەیان بەشدارە لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئەم نەخۆشیانە.
توێژینەوەیەک کە لەسەر کۆمەڵێک کەس ئەنجامدراوە کە ڕێجیمێکی بەڕۆژوو بوون پەیڕەو دەکەن دەریخستووە کە تەندروستی دڵی ئەو کەسانە باشترە بە بەراورد بەو کەسانەی کە ئەم ڕێجیمە پەیڕەو ناکەن.
هەمیشە ئامۆژگاری نەخۆشانی دڵ دەکرێن کە بڕێکی کەمتر لە خۆراک بخۆن، هەروەها خۆیان لە خۆراکی چەور و سوێر بەدوور بگرن، چونکە خۆراک بەشدارە لە هاندانی هۆرمۆنە سودبەخشەکان و پرۆسەی میتابۆلیک کە کاردەکات بۆ دروستکردنی کۆلیسترۆڵی باش و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی کۆلیسترۆڵی خراپ.
کەی دەبێت ئاگاداری ڕۆژوو بین؟
ڕۆژوو بۆ هەموو کەسێک گونجاو نیە، بەتایبەت بۆ هەندێک حاڵەت لە هەندێک بارودۆخدا، بۆیە باشتر وایە پێش دەستپێکردنی ڕۆژوو ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت. ئەو حاڵەتانە بریتین لە:
• ژنانی دووگیان یان شیردەر، کە لەوانەیە ببێتە هۆی ئاڵۆزی بۆ منداڵەکە.
• منداڵان، چونکە بە بەردەوامی پێویستیان بە خۆراک هەیە.
• تووشبووانی جۆری یەکەمی شەکرە.
• ئەو نەخۆشانەی بەدەست کێشەی خۆراکییەوە دەناڵێنن، کە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی دوای ڕۆژوو شکاندن بە ڕێژەیەکی زۆرتر لە ئاسایی خواردن بخۆن.
بەڕۆژووبوون و وەرزشی قورس لەوانەیە ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی شەکر لە خوێندا، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی چەندین ئاڵۆزی، وەک سەرگێژخواردن و کەمی تەرکیز. لە ڕاستیدا هێشتا پێویستمان بە توێژینەوەی زیاترە کە کاریگەری ڕۆژووگرتن لەسەر تەندروستی دڵ ڕوون بکاتەوە. دەتوانیت ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکەیت سەبارەت بەوەی ئایا دەتوانیت بەڕۆژوو بیت یان نا وە زانینی کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستیت.