کەس نایەوێت ژیانێکی هاوسەری پێکبێنێت و بە چەند ڕەفتارێک ژەهراوی بکات ، ڕەنگە ژیانی هاوسەرگیریمان وردە وردە لە خۆشیەوە بگۆڕێت بۆ ناڕەزایی،کە ئاوڕ بۆ دواوە دەدەینەوە و پێمان سەیرە شتەکان لە کوێدا هەڵە بوون. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕێژەی جیابوونەوە لە جیهاندا نزیکەی 44% ە، دەتوانین بڵێین ڕەفتارگەلێک هەن کە هاوسەرەکان ئەنجامی دەدەن کە ژیانی هاوسەریان پێ ژەهراوی دەکەن ولەو کاتەدا هەستی پێناکەن.
لەوانەیە شتانێک هەبن کە ئەنجامی دەدەیت ژەهراوی بن بۆ ژیانی هاوسەرگیریت و تەنانەت درکیشی پێ نەکەیت چونکە بوونەتە بەشێک لە پەیوەندییەکەتان. پێویستە فێری ئەوە بین کە چۆن لە پەیوەندییماندا ڕەفتار بکەین و چۆن ڕێز لە یەکتر بگرین و چۆن ڕەفتارە ژەهراویەکان دەستنیشان بکەین پێش ئەوەی ژیانی هاوسەرگیریمان تێک بدەن.
1. ڕکابەری یەکتر
کەمێک پێشبڕکێی دۆستانە دەکرێ گونجاو بێت، بەڵام کاتێک هەموو شتێک بوو بە پێشبڕکێ، ئیتر شتەکان ناشرین دەبن، زۆرجار قسەکانی وەک "من زیاتر کار دەکەم" یان "من لە تۆ ماندووترم" دەردەکەون، شتەکان پێویستە بە شێوەی هاوکاری بن و هەمیشە پشتگیری یەکتر پێویستە. بەڵام پێویستە دڵنیا بیت لەوەی کە داوای پشتیوانی لە هەردوولا بە شێوەیەکی ڕێزدارانە زۆر گرنگە . کاتێک یەکێک لە دوو هاوسەرەکە زیاتر کار دەکات، یان یەکێکیان زیاتر ماندوو دەبێت، پێویستە هەرچییەک دەتوانن بیکەن بۆ پشتگیریکردنی یەکتر، لەبەرئەوەی ئەمە کێبڕکێ نییە، بەڵکو هاوبەشییە.
2. شەڕکردن
هەموو هاوسەرەکان شەڕ ناکەن و جیاوازییەکی زۆر گەورە و زۆر گرنگ لە نێوان شەڕ و گفتوگۆ و مشتومڕدا هەیە.
شێوازی گفتوگۆ دەکرێت بەم جۆرەبێت:
ناکۆکی لەسەر بابەتێکی دیاریکراو.
هەندێک جار مشتومڕێکی گەرم و گوڕ دروست دەبێت، کە بەزۆری بە هێمنی دەهێنرێتە ئاراوە.
گوێگرتن لە یەکتر و بیستنی دیدگای یەکتر.
پشوودان لە نێوان دەمەقاڵەدا، لە کاتێکدا ڕەنگە لایەنەکان سۆزداری یان ماندوو بن.
مشتومڕ ڕێزگرتنە و هەندێک جار هەردوولا لە ناوەڕاستی دەمەقاڵەیەکدا باوەش بە یەکتر دەکەن.
بەڵام تایبەتمەندییەکانی شەڕکردن بریتین لە:
هاوار و ناڕەزایەتی بە دەنگی بەرز.
مشتومڕەکە هەمیشە گەرمە.
ناو بانگکردن و جنێودان.
هێرشی کەسی.
هەستکردن بە ناڕەحەتی، ترس یان هەڕەشە.
تەرکیز لەسەر چارەسەر نییە، تەنیا لەسەر ئەوەیە کێ "ڕاستە".
شتێکی نامۆ نییە کە هاوسەرەکان لە ژیانی هاوسەرگیریدا دەمەقاڵە بکەن، بەڵام شەڕکردن ژیانی هاوسەرگیریت ژەهراوی دەکات . چونکە شەڕەکە لەسەر بنەمای تۆقاندن و هەڕەشەکردنە. مەبەستی زەلیلکردنی لایەنی بەرامبەرە و زیانگەیاندن (هەم جەستەیی و هەم سۆزداری). فێربوونی چۆنیەتی پەیوەندی کاریگەر دەتوانێت یارمەتیت بدات ناکۆکییەکانت لە ئاستی "چاودێریکردن"دا بهێڵیتەوە و نەهێڵیت ببنە "شەڕ"
3. لەپێش دانەنانی یەکتر(ئەولەويەت)
هەمیشە بە گاڵتەجاڕی سەیرم دەکەن کاتێک دەڵێم هاوسەرەکەم بۆ من گرنگترە لە منداڵەکانم. پێدەچێت ئەم باوەڕە لە کۆمەڵگادا هەبێت کە ژنان وەک دایکێک خۆیان بکەنە قوربانی بۆ منداڵەکانیان بۆ ئەوەی بتوانن "دایکێکی باش" بن. دایک بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی وەک "دایک" بەجێبهێنێت، دەبێت منداڵەکانی لە پێشینەدا دابنێت. کەسانێک هەن کە دەڵێن هەمیشە پێویستە منداڵەکان بخەیتە پێشەوە، بەڵام من باوەڕێکی پتەوم بەوە هەیە کە " کە تۆ هاوسەرەکەت لە پێش هەموو شتێکەوە دانا ، بە هەمان شێوە ئەویش تۆ لە پێش هەموو شتێکەوە دادەنێت، هەروەها ئێوە پێکەوە ئاگاداری منداڵەکانتان دەبن".
تەنانەت ئەگەر هێشتا منداڵتان نیە، یان ناتانەوێت منداڵتان هەبێت، دانانی یەکتر لە پێش هەموو شتێکەوە یەکێکە لە ڕێگاکان بۆ ئەوەی دڵنیابن هەردووکتان بەردەوام دەبن لە دەربڕینی خۆشەویستی و سۆز لە ژیاندا، ئەمە شتێک نییە کە بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئەنجام بدرێت،بەڵکو پێویستە هەردووکتان پێکەوە بن و هەردووکتان هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی ئاگاداری ئەویتر بن.
4. کات بۆ خۆت تەرخان بکە
یەکێکی تر لە و تێڕوانینە هەڵانەی کە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ لە ژیانی هاوسەرگیریدا ئەوەیە کە بڕیارە هەموو کاتەکانمان پێکەوە بەسەر بەرین، ئەمە ڕاست نیە! کاتی تەنهایی نەک بە تەنیا بۆ تۆ باشە بەڵکو پێویستیەکی گرنگە.
هەندێک جار پێویستت بە کاتێکی تەنیا هەیە بۆ ئەوەی بارگاوی بیتەوە. دەبێت لە ژیانی هاوسەرگیریتدا ئەم کارە بکەیت، تەنانەت ئەگەر منداڵیشت هەبێت. کاتی بەتەنها بۆ هەردوولا زۆر گرنگە. بۆ ئەوەی ڕوون بێت، کاتەکانی تەنیا چوون بۆ سەر کار و بازاڕکردنی خواردن لەخۆناگرێت. کات بە تەنیا واتە کات بۆ ئەوەی هەر کارێک بتەوێت بە تەنیا بیکەیت. ڕەنگە ئەمە دانیشتن و خوێندنەوەی کتێبێک بێت، چوون بۆ ماسیگرتن، چوون و دانیشتن لە کافێیەک، کۆبوونەوە لەگەڵ هاوڕێکانت، و... هەر شتێک کە بۆ تۆ گرنگە و بتوانیت بە تەنیا ئەنجامی بدەیت.
ئەگەر لە ژیانی هاوسەرگیرییەکەتدا تووشی هەریەکێک لەم ڕەفتارە ژەهراوییانە بوویت، ئەوە مانای ئەوە نییە کە پێویستت بە جیابوونەوەیە، تەنها پێویستە گرنگییان پێبدەیت و بزانیت چۆن لایانببەیت بۆ ئەوەی کێشەی گەورە و درێژخایەن دروست نەکەن. هەموو هاوسەرگیرییەک تایبەتە و ژیانی تۆ دەتوانێت هەرچییەک بێت کە بتەوێت. ئاسانە ڕەفتار و کردارە ئاشکراکان ببینیت کە ژەهراوی بوون بۆ ژیانی هاوسەرگیریت، بەڵام هەندێک شت وردترن و دەبێت ئاگاداریان بین .