بۆ پەیوەندی 0533340388

ڕێنماییەکانی بەکارهێنانی هاوێنەی چاو
2025/01/21 - 10:30 | 78 جار بینراوە

عەدەسەی چاو بریتیە لە دیسکی تەنک و نەرم  لە پلاستیک و کەرەستەی تر پێکهاتووە کە لەسەرگلێنەی چاو دادەنرێت، تێبینی دەکرێت کە بەکارهێنانی عەدەسەی چاو بە هەموو جۆرەکانیەوە لەم ماوەیەی دواییدا بەشێوازێکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە ،بە شێوازێکی گشتی دوو جۆر عەدەسەمان هەیە (عەدەسەی جوانکاری)کە بۆ گۆڕینی ڕەنگی چاو بەکاردێت (عەدەسەی پزشکی )بۆ جێگرەوەی چاویلکە بەکار دێت .بە دڵنیاییەوە کۆمەڵێک سوود و زیانی هەیە،لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەین.

سوودەکانی هاوێنە(عەدەسە)ی چاو:

- زۆربەی خەڵک عەدەسەی چاو وەک بەدیلێک بۆ چاویلکەی پزیشکی  بەکاردەهێنن بۆ ڕاستکردنەوەی بینین وەک دووربینی و کورتبینی.

- دوای هەندێک نەشتەرگەری چاو بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی ئازار و خێراکردنی پڕۆسەی چاکبوونەوە.

- بۆ مەبەستی جوانکاریش بەکاردەهێنرێن، بەو پێیەی عەدەسەی ڕەنگاوڕەنگ بۆ گۆڕینی ڕەنگی چاو بەشێوەیەکی کاتی بەکاردەهێنرێت.

- ئاسانکارییە بۆ ئەو کەسانەی چاویلکە بەکار دەهێنن چونکە چاویلکە پەستان دەخاتە سەر لووت و گوێ.

 

زیانەکانی هاوێنە(عەدەسە)ی چاو:

- هەندێک کات دەبێتە هۆی هەوکردن و سوربوونەوەی چاوەکان.

- دەبێتە بەربەستێک کە ڕێگە نادات ئۆکسجین بگات بە گلێنەی چاو ،ئەمەش دەبێتە هۆی تەنک بوون و ناسک بوونی گلێنەی چاوەکە .

- چاو هەستیار دەبێت بەتایبەت لەو کاتانەی تەپوتۆز یان تەنیکی نامۆ بچێتە ناو چاوو کارلێک بکات لەگەڵ هاوێنەکە.

 

ڕێنماییەکانی بەکارهێنانی هاوێنەی چاو:

بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی بابەتەکە پرسیارمان ئاڕاستەی دکتۆر(میران حسن عبداللە) کرد 

 ئاماژەیان بە چەند ڕێنماییەکی گرنگ دا کە ئەوانیش بریتی بوون لەم خاڵانە:

١-باشتر وایە مانەوەی عەدەسە لە چاودا زیاتر نەبێت لە ١٠ بۆ ١٢ کاتژمێر .

٢- باشتر وایە پێش نووستن لە چاو دەربهێندرێت.

٣- هەرگیز نابێت عەدەسەی چاوی ڕاست و چەپی ئاڵوگۆڕ پێ بکەین.

٤- هەرگیز نابێت هاوبەشی بە عەدەسەکەت بکەیت لەگەڵ کەسانی تردا.

٥-دوور کەوتنەوە لە بەکارهێنانی عەدەسە لەکاتی هەوکردن و حەساسییەت.

٦- بەکارهێنانی براندی باش.

٧- شتنی دەستەکانت بە باشی پێش ئەوەی عەدەسەکە لە چاو بکەیت.

٨- دوور کەوتنەوە لە هەڵم وگەرمی زۆر.

٩- پاک ڕاگرتنی ئاوی عەدەسەکە و گۆڕینی ئاوەکە ٢ بۆ ٣ ڕۆژ جارێک.

١٠-  دوورکەوتنەوە لە خۆشتن و مەلە کردن بە عەدەسەوە .

لەکاتی دروست بوونی هەر گرفتێکی وەک سور بوونەوەو ئاوسان و خوران پێویستە بە زووترین کات عەدەسەکە لە چاوت لاببەیت و سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت.

 

 



HaremHospital.com - 2025
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 524,326     ژمارەی میوان 153