ڕێگاکانی ڕزگار بوون لە خووی گاز گرتن لە نینۆکەکان
گازگرتنی نینۆک کێشەیەکە کە زۆرجار گەورە و منداڵ تووشی دەبێت. زیاترلەو بارودۆخانەدا ڕوودەدات کە کەسێک بە شێوەیەکی ئاسایی هەست بە گرژی و فشار دەکات. ئەم کێشەیە کە بەزۆری لە نێوان تەمەنی ٣ بۆ ٤ ساڵدا ڕوودەدات ڕەنگە تا تەمەنی هەرزەکاری بەردەوام بێت یان لە کاتی هەرزەکاریدا ڕووبدات.ئەم نەخۆشییە لە ڕووی پزیشکییەوە بە ئۆنیکۆفۆبیا ناسراوە، دەتوانرێت وەک خوویەک سەیر بکرێت کە تاک ناتوانێت کۆنتڕۆڵی پاڵنەرەکانی بکات و لە ئەنجامی زەبر و زەنگی دەروونییەوە دروست دەبێت.
ئەندامانی خێزان کە زۆرجار منداڵان ئاگادار دەکەنەوە لەم کێشەیە، ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی ڕەفتارە نەرێنییەکان نەک وەستاندنی ئەم ڕەفتارانە. گرنگە ئەندامانی خێزان خۆیان لەو ڕەفتارانە بەدوور بگرن کە ڕەنگە ببێتە هۆی فشار و دڵەڕاوکێ بۆ منداڵەکە.
ڕێگاکانی ڕزگار بوون لەم خووە:
١- داپۆشینی نینۆکەکانت دەتوانێت یارمەتیت بدات لە دیاردەی گازگرتنی نینۆک ڕزگارت بێت یاخود لەدەست کردنی دەستکێش بەتایبەت لە وەرزی زستان،دانانی نینۆکی دەستکرد بە شێوازێکی کاتیی دەتوانێت جوان دەربکەوێت و سەلامەتە بۆ بەکارهێنانی لەسەر نینۆکی ڕاستەقینە و زیانی پێناگەیەنێت.

٢- گرتنەبەری خوویەکی نوێ. زۆر ئەستەمە خووەکان بشکێنیت و خووی گازگرتنی نینۆکیش بەدەر نییە لەوە، بۆیە هەوڵبدە لە جێگەی نینۆک گازگرتن خۆت سەرقاڵ بکەیت بە هەندێک شتی تر کە جێگەی ئەم خووە خراپە دەگرێتەوە، بۆ نمونە بە سووکیی بە پەنجەکانت لە سەر مێزەکە بدە. جوینی بنێشت دەکرێت یارمەتیدەر بیت.
٣- هاوڕێی نوێ درووست بکه . ڕەنگە بە کات بەسەر بردن لەگەڵ هاورێکەت کەمتر توشی سترێس و دڵەڕاوکێ ببیت.
٤- گەڕان بەدوای ڕێگای تردا بۆ هێورکردنەوەی فشاری دەروونی، خووی گازگرتنی نینۆک زۆربەی ئەو کەسانە ئارام دەکاتەوە کە ئەو کارە دەکەن کاتێک هەست بە فشار و دڵەڕاوکێ دەکەن، بۆیە باشتر وایە لەبری گازگرتنی نینۆک ڕێگاکانی تری هێورکردنەوە بگرنەبەر، وەک: ئیسراحەتکردن بە دروستکردنی کەشێکی ئارام بە خواردنەوەی چای گیایی. کرێمی لەش بەکاربهێنە کە بۆنێکی ئارامکەرەوەی هەبێت دوای دوش. هەندێک تەکنیکی هەناسەدان بەکار بهێنە.
٥-خەیاڵ بکە سەرکەوتن لە ڕزگاربوون لە گازگرتنی نینۆک. ڕوخسار ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە و زۆربەمان هەوڵدەدەین جوان دەرکەوین، بەڵام خووی گازگرتنی نینۆک لەم هەوڵانە کەمدەکاتەوە و شیوازێکی ناشرین بە نینۆکەکان دەبەخشێت. دەتوانیت بینینێکی ئەرێنی بەکاربهێنیت بۆ دابینکردنی پاڵنەرێکی زۆر بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە نەهێشتنی گازگرتنی نینۆک، بۆیە دەتوانیت ژینگەکەت پڕبکەیت لە وێنەی دەستی تەندروست و ڕێک و پێکەکان وەک پاڵنەرێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەت کە نینۆک نەگەزیت.
٦- سەرقاڵکردنی خۆت بە هەندێک چالاکی دیکەوە وەک فشارخستنە سەر تۆپی لاستیکی دەست بۆ کەمکردنەوەی فشار یان خۆ سەرقاڵ کردن بە کارێکەوە کە پێویست بکات دەستەکانت بەکار بهێنیت وەک: وێنەکێشان، پەیکەرسازی، دورین، یان دروستکردنی خواردن.