نیشانەکانی هەوکردنی پووک
- خوێنبەربوونی پووک یەکێک لە نیشانەکانی نەخۆشی پووک کە ڕەنگە تووشی ببیت خوێنبەربوونی پووکە. پووکی تەندروست تووشی خوێن بەربوون نابێت، بۆیە ئەگەر لەکاتی فڵچەکردنی ددانەکانت هەست بە خوێن بکەیت لەوانەیە نیشانەی هەوکردنی پووک بێت.
- بۆنی ناخۆشی دەم زۆر هۆکار هەیە بۆ بۆنی ناخۆشی دەم. بۆنی ناخۆشی دەم لەوانەیە بەهۆی خواردنێکەوە بێت، یان بە باشی ئاگاداری ددان و پووکەکانت نەبویت، بەڵام ڕەنگە نیشانەیەکی سەرەتایی هەوکردنی پووکیش بێت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەو بەکتریایانەی پەیوەندییان بە نەخۆشییەکانی پووکەوە هەیە بۆنی دەم ناخۆش دەکەن. بۆنی ناخۆشی دەم شەرمەزارکەر و ناخۆشە، بەڵام دەتوانێت ئاگادارکەرەوەیەک بێت بۆ توش بوون بە هەوکردنی پوک.
- ئاوسانی پووک پێویستە پووکەکانت پەمەیی و پتەو دەربکەون. لەکاتی ددان شتن سەیری پوکت بکە ئەگەر پووکت سوور و ئاوساوو بوو دەکرێت نیشانەی هەوکردنی پووک بێت و پێویستە باشتر ئاگاداری پووکەکانت بیت.
- هەڵکشانی پوک بەرەو سەرەوە واتە پوکەکە کورت دەبێتەوەو ددانەکە درێژتر دەردەکەوێت.
هۆکارەکانی هەوکردنی پووک:
- گۆڕانی هۆرمۆنەکان لەکاتی دووگیانی، باڵغبوون، وەستانی سوڕی مانگانە، یان لە کاتی سوڕی مانگانەدا، ئەم گۆڕانکارییە هۆرمۆنانە هەستیاری ددان و ئەگەری هەوکردنی پووک زیاد دەکەن.
- هەندێک دەرمان وەک: دژە تەشەنوج، وەکو دیلانتین، و دەرمانی چارەسەری هەوکردنی قوڕگ.
- خووی خراپ وەک جگەرەکێشان لەوانەیە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە توانای پووک بۆ دووبارە دروستبوونەوە یان چاکبوونەوە.
- خاوێن ڕانەگرتنی دەم و ددان، وەک نەشۆردنی ددانەکان یان بەکارنەهێنانی پەتی ددان ڕۆژانە لەوانەیە ئەم خووانە ئاسانکاری بکەن بۆ پەرەسەندنی هەوکردنی پووک.
- مێژووی خێزان، بوونی هەوکردنی پووک لە خێزاندا ڕەنگە بەشداربێت لە ڕوودانی هەوکردنی پووک لەسەر بنەمای بۆماوەیی.
- هەندێک نەخۆشی وەک شێرپەنجە و نەخۆشی نەمانی بەرگری (AIDS) کە کاریگەری لەسەر سیستەمی بەرگری لەش دەبێت. نەخۆشی شەکرە کە کاریگەری لەسەر توانای جەستە هەیە بۆ هەڵمژینی ئەو شەکرانەی لە خۆراکە جیاوازەکاندا هەن، وا دەکات ئەوانەی بەدەستیەوە دەناڵێنن زیاتر لە کەسانی دیکە تووشی مەترسی تووشبوون بە هەوکردنی ددان ببن.
هەوکردنی پووک بەزۆری بێ ئازارە،ئەگەر تووشی هەریەکێک لەم نیشانانەی هەوکردنی پووک بوویت پشتگوێیان مەخە. لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا دەتوانیت نەخۆشییەکانی پووک چارەسەر بکەیت، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەتوانێت بەرەو هەوکردنی دەوری ددان و تەنانەت لەدەستدانی ددانەکانیش بڕوات.