بۆ پەیوەندی 0533340388

جیاوازی ئۆتیزم لە کوڕان و کچاندا
2023/06/10 - 04:08 | 795 جار بینراوە

ئۆتیزم چییە؟

ئۆتیزم حاڵەتێکە کاریگەری لەسەر چۆنیەتی پەیوەندی مرۆڤەکان لەگەڵ کەسانی تر و جیهانی دەوروبەریان هەیە، ئەم نەخۆشییە توندی نیشانەکانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر زۆر جیاواز بێت، ئۆتیزم بەهۆی تێکەڵەیەک لە هۆکارە بۆماوەییەکان و هۆکارە ژینگەییەکانەوە دروست دەبێت، بەڵام هێشتا هۆکارە وردەکانی بە تەواوی دیارینەکراون.

 

باوترین نیشانەکانی ئۆتیزم

نیشانەکانی ئۆتیزم ئەگەری هەیە لە سەرەتای منداڵیدا دەربکەون، یاخود ئەگەری هەیە باشترین تەمەن بۆ دیاریکردنی ئەم نەخۆشیە لە تەمەنی سێ ساڵیەوە بێت.

نیشانەکانیش دەکرێت بە تەواوی جیاوازبن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، بەڵام هەندێک نیشانەی باو و هەیە کە لە خوارەوە باسی دەکەین.

 

کێشەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی:

لەوانەیە ئەو کەسانەی ئۆتیزمیان هەیە کێشەیان هەبێت لە پەیوەندیکردن ،تێگەیشتن لە ئاماژە کۆمەڵایەتییەکان و دەربڕینی دەموچاو. هەروەها لەوانەیە کێشەیان هەبێت لە پەیوەندیکردن بە شێوەی زارەکی، وەک گفتوگۆکردن.

 

ڕەفتاری سنووردار و دووبارەبووەوە:

ئەو کەسانەی کە ئۆتیزمیان هەیە بەزۆری ئارەزووی سنوورداریان هەیە، بەشداری لە ڕەفتارە دووبارەبووەکاندا دەکەن.

 

هەستیاری:

لەوانەیە ئەو کەسانەی ئۆتیزمیان هەیە زۆر هەستیار بن بەرامبەر دەست لێدان، دەنگ، تام و بۆنکردن، یان بە پێچەوانەوە، ڕەنگە هیچ هەستیارییەک نیشان نەدەن.

 

تێکدانی کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان:

ئەو کەسانەی ئۆتیزمیان هەیە لەوانەیە کێشەیان هەبێت لە پێکهێنان و پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان یان گەورەکانیان، هەروەها ڕەنگە یاریکردن لەگەڵ کەسانی دیکە و بەشداریکردن لە چالاکییەکانی گروپدا

کێشەیان هەبێت.

 

دواکاوتنی قسەکردن:

لەوانەیە گەشەی زمانیان دواکەوتبێت یان بە هیچ شێوەیەک قسە نەکەن، هەروەها لەوانەیە لە تێگەیشتن و بەکارهێنانی زمان بە شێوەیەکی گونجاو کێشەیان هەبێت.

 

وەڵامدانەوەی نائاسایی بۆ بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان:

لەوانەیە ئەو کەسانەی ئۆتیزمیان هەیە بە شێوەیەکی نائاسایی کاردانەوەیان هەبێت بەرامبەر بە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان، وەک پێکەنین یان گریانێکی زۆر، دڵتەنگ بوون بەهۆی گۆڕانکارییە بچووکەکانەوە، یان کاردانەوەی سۆزدارییان نەبێت بەرامبەر بە ڕووداوە گرنگەکان کە بە شێوەیەکی ئاسایی بە کاردانەوەی نائاسایی دادەنرێت.

 

جیاوازی ئۆتیزم لە کوڕان و کچاندا

ئۆتیزم لە کوڕاندا

ئەو کوڕانەی ئۆتیزمیان هەیە بەزۆری نیشانەکانی ئۆتیزم تیایاندا بەرچاوترە بە بەراورد بە کچان ، زۆرجار ڕەفتاری دووبارەبووەوەیان هەیە وەکو دەست لێدان و ڕۆیشتن بە پەنجەکانی قاچ و وەسوەسە بۆ یارییەکان. هەروەها لەوانەیە گەشەی زمان و دەستپێکردنی قسەکردنیان دوابکەوێت، یان ڕەنگە بە هیچ شێوەیەک قسە نەکەن، هەروەها کوڕانی تووشبوو بە ئۆتیزم کێشەیان لەگەڵ کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان هەیە وەک چاوپێکەوتن، دەستپێکردنی گفتوگۆ و تێگەیشتن لە ئاماژە کۆمەڵایەتییەکان.

 

ئۆتیزم لە کچاندا

زۆرجار ئەو کچانەی ئۆتیزمیان هەیە، بە نیشانەی جیاواز لە کوڕان دەردەکەون، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی دەستنیشانکردنی هەڵە یان دواکەوتنی دەستنیشانکردن. ڕەنگە کچان نیشانە وردترەکانی ئۆتیزمیان هەبێت، وەک کێشە لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی، سنوورداربوونی بەرژەوەندییەکان و هەستیاری .هەروەها لەوانەیە کەمتر ڕەفتاری دووبارەبوونەوەی هەبێت لە چاو کوڕان، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نیشانەکانیان کەمتر هەست پێبکرێت، هەروەها کچانی تووشبوو بە ئۆتیزم لەوانەیە توانای زمانی بەهێزیان هەبێت کە بتوانێت کێشەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتییان بشارێتەوە.

 

گرنگی گرنگیدان بە جیاوازی ئۆتیزم لە کوڕان و کچاندا

زۆر گرنگە لە جیاوازی ئۆتیزم لە کوڕان و کچان تێبگەین و چۆن نیشانەکانی ئۆتیزم بە شێوەیەکی جیاواز لەوان دەردەکەون بۆ زوو دەستنیشانکردنی ئەم کێشەیە

بەداخەوە ئەم دواکەوتنە لە دەستنیشانکردن چارەسەرکردن و پشتگیریکردنیان دوادەخات، زۆر گرنگە کە دایکان و باوکان و پسپۆڕانی ئەم بوارە ئاگاداری جیاوازی ئۆتیزمی کوڕان و کچان بن، زانینی ئەم جیاوازییە وا دەکات پرۆسەی دەستنیشانکردن وردتر و خێراتر بێت .

بۆ پەیوەندی :07730143848

 



HaremHospital.com - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 402,214     ژمارەی میوان 192